پێشانگای خانمی خانمان
سەرەکی / چیرۆکی ڕاستی ژیان / سه‌ركۆ ئاماده‌نییه‌ داوایه‌كی‌ براژنه‌كه‌ی‌ قبوڵ بكات..ماچی‌ ده‌كات

سه‌ركۆ ئاماده‌نییه‌ داوایه‌كی‌ براژنه‌كه‌ی‌ قبوڵ بكات..ماچی‌ ده‌كات

سه‌ردار به‌هۆی‌ خراپی‌ مامه‌ڵه‌كردنی‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا به‌رده‌وام ده‌نگه‌ده‌نگ و شه‌ڕیانه‌ و دواجاریش به‌چه‌قۆ جوانه‌ی‌ خێزانی‌ ده‌كوژێت و براكه‌شی‌ بریندار ده‌كات، سه‌ركۆی‌ برای‌ له‌به‌رده‌م دادگا به‌شێك له‌به‌سه‌رهاتی‌ ژیانی‌ برا و براژنه‌كه‌ی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و براكه‌شی‌ به‌(20)ساڵ سزای‌ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.

سه‌ركۆ ته‌مه‌نی‌ 26 ساڵه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ژی‌ و ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ هونه‌ره‌ به‌شی‌ مۆسیقا و ئامێری‌ گیتار ده‌ژه‌نێت، له‌ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دایك و باوك و برا گه‌وره‌كه‌یدا ده‌ژی‌، برا گه‌وره‌كه‌ی‌ ناوی‌(سه‌ردار)ه‌ و خێزانداره‌ و خێزانه‌كه‌ی‌ ناوی‌(جوانه‌)یه‌ و ئه‌وانیش هه‌ر له‌و خانووه‌دان، به‌ڵام خانووه‌كه‌یان گه‌وره‌یه‌، سه‌ركۆ و سه‌ردار خوشك و برای‌ دیكه‌یان نییه‌.

سه‌ركۆ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی‌ ژه‌نینی‌ ئامێره‌كه‌یه‌تی‌ و كه‌سێكی‌ هێمن و زۆرگونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا و له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ی‌ كار ده‌كه‌ن چه‌ندجارێكیش سه‌ردانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌كات، زۆرجاریش دیاری‌ بۆ دایك و باوك و برا و براژنه‌كه‌ی‌ هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی‌ ده‌بێته‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجڕاكێشانی‌ لای‌ براژنه‌كه‌ی‌، جوانه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا دڵخۆش نییه‌ و زۆر په‌یوه‌ندیان رێك نییه‌، به‌تایبه‌ت جوانه‌ كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ رۆمانسی‌ هه‌یه‌ و سه‌رداریش هیچ حه‌ز و خولیایه‌كی‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ نییه‌ و پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ست و كه‌سایه‌تی‌ خێزانه‌كه‌یه‌تی‌ و زۆرگرنگیشی‌ پێنادات، به‌ڵكو كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ره‌ق و توڕه‌ی‌ هه‌یه‌، رۆژانه‌ ده‌ڕوات بۆ كار و تاوه‌كو ئێواره‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ و هیچ كاتێك ته‌رخان ناكات بۆ به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا و ئه‌و رۆژانه‌شی‌ كه‌ ناچێته‌سه‌ر كار له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا كات به‌سه‌ر ده‌بات.

جیاوازی‌ كه‌سایه‌تی‌ نێوان سه‌ردار و سه‌ركۆ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر جوانه‌ ده‌بێت، جوانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ بۆشایی‌ هه‌ست و سۆزی‌ ژیانی‌ زیاتر له‌ سه‌ركۆ نزیك ده‌بێته‌وه‌ و چه‌ندجارێكیش له‌باره‌ی‌ ژیانی‌ سكاڵا له‌لای‌ ده‌كات، بۆیه‌ سه‌ركۆش وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك و به‌زه‌ییه‌ك و بۆ دڵخۆشكردنی‌ براژنه‌كه‌ی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ جوانه‌دا ده‌گۆڕێت و ده‌یه‌وێت زیاتر بۆی‌ باش بێت و به‌رده‌وام قسه‌ی‌ خۆشی‌ بۆ ده‌كات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجاریش له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ كۆنسێرت و بۆ گوێگرتن له‌ مۆسیقا ده‌یبات، ئه‌مكارانه‌ی‌ له‌ سۆز و به‌زه‌ییه‌وه‌یه‌، بێئاگاله‌وه‌ی‌ جوانه‌ شێت و شه‌یدای‌ كه‌سایه‌تی‌ و باشییه‌كانی‌ بووه‌ و هه‌ستی‌ خۆشه‌ویستی‌ به‌رامبه‌ری‌ بۆ دروست بووه‌، چه‌ندجارێك له‌ناو ئۆتۆمبێلدا خۆی‌ له‌ سه‌ركۆ نزیك ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت ماچی‌ بكات، به‌ڵام ناوێرێت و سه‌ركۆش هه‌ست به‌حاڵه‌تێكی‌ نائاسایی‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن جوانه‌وه‌ دروست بووه‌، به‌ڵام دڵنیانییه‌.

شه‌وێك ماڵی‌ باوكی‌ سه‌ركۆ بانگهێشتی‌ ناسیاوێكیان ده‌كه‌ن بۆ نانخواردن و سه‌رداریش له‌ماڵه‌وه‌ده‌بێت و ئه‌و شه‌وه‌  كحول زۆرده‌خواته‌وه‌ و به‌ جوانه‌ی‌ خێزانییه‌وه‌ ده‌یگرێت، قسه‌ی‌ ناشرینی‌ پێده‌ڵێت و لێیده‌دات و سه‌ركۆش كه‌پێیده‌زانێت به‌زه‌یی‌ به‌براژنه‌كه‌یدا دێته‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌نێوانیان له‌ براكه‌ی‌ كه‌ سه‌رخۆشه‌ ده‌دات و براژنه‌كه‌ی‌ له‌ژێر ده‌ستیدا ده‌رده‌هێنێت و ده‌یباته‌ ژووره‌كه‌ی‌ خۆی‌ و ده‌رگای‌ لێ كلیل ده‌دات، دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك دۆخه‌كه‌ هێور ده‌بێته‌وه‌ و سه‌ركۆش ده‌چێته‌وه‌ ژووره‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ جوانه‌ راسته‌وخۆ باوه‌شی‌ پێدا ده‌كات و ماچی‌ ده‌كات.

سه‌ركۆش له‌لای‌ سه‌یرده‌بێت و پێیده‌ڵێت ئه‌وه‌ چییه‌، جوانه‌ش ده‌ڵێت شێتت بووم و خۆشم ده‌وێیت و پێشتر نه‌مده‌وێرا پێت بڵێم، ئیتر ئه‌زانم تۆش هه‌ستێكی‌ خۆشه‌ویستیت بۆم هه‌یه‌، دوای‌ ئه‌و قسانه‌ سه‌ركۆ لێی‌ توڕه‌ده‌بێت و پێیده‌ڵێت هه‌رگیز ئاماده‌نیم ناپاكی‌ له‌تۆ و له‌ براكه‌شم بكه‌م، ته‌نها پێم غه‌دریشه‌ كه‌براكه‌م له‌گه‌ڵ تۆ خراپه‌، به‌ڵام جوانه‌ گوێ به‌و قسانه‌ نادات و هه‌وڵده‌دات ماچی‌ بكات و لێی‌ نزیك بێته‌وه‌، له‌وكاته‌دا ده‌بێته‌ ده‌نگه‌ ده‌نگیان و سه‌رداریش به‌خه‌به‌ردێته‌وه‌ له‌ده‌رگاكه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌ ده‌بینێت كه‌ ژنه‌كه‌ی‌ جلوبه‌رگی‌ داناوه‌ و ده‌یه‌وێت په‌لاماری‌ براكه‌ی‌ بدات، راسته‌وخۆ ده‌چێته‌ چێشتخانه‌كه‌یان و چه‌قۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌هێنێت و هه‌وڵده‌دات له‌براكه‌ی‌ بدات، له‌و كاته‌شدا له‌گه‌ڵ به‌رگریكردن له‌خۆی‌ سه‌ركۆ هاوارده‌كات كه‌ ناپاكی‌ لێنه‌كردوه‌، دواتر چه‌قۆكه‌ی‌ لێوه‌رده‌گرێت و قسه‌ بۆ براكه‌ی‌ ده‌كات پێیده‌ڵێت ژنه‌كه‌ت په‌راوێزخستووه‌، جوانه‌ش ده‌ڵێت راسته‌ له‌داخی‌ تۆ و هه‌ڵسوكه‌وته‌ خراپه‌كانت واده‌كه‌م و هه‌موو كاره‌ خراپه‌كانی‌ پێده‌ڵێته‌وه‌، هه‌رله‌وێدا داوای‌ جیابوونه‌وه‌شی‌ لێده‌كات، به‌ڵام سه‌ردار زۆر توڕه‌ده‌بێت و فرسه‌ت ده‌هێنێت و چه‌قۆیه‌ك به‌ ملی‌ جوانه‌دا ده‌كات و له‌وێدا گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

دوای‌ رووداوه‌كه‌ سه‌ردار ده‌یه‌وێت هه‌ڵبێت و سه‌ركۆ ده‌یگرێت و چه‌قۆیه‌كیش له‌ده‌ستی‌ براكه‌ی‌ ده‌دات، دوای‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ پۆلیس له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا سه‌ردار ده‌گیرێت و به‌پێی‌ مادده‌ی‌(405) له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ بۆماوه‌ی‌ (20)ساڵ سزای‌ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.

تێبینی‌:

ئه‌م ڕوداوه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌و له‌یه‌كێك له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان روویداوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه‌شی هاتوون خوازراون و ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ لای SNN پارێزراوه‌، ئامانج له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هۆشیاری یاسایی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.

سەرنجی خۆت بنووسە
Xezanakam

FREE
VIEW