یه‌ك شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 21 2018
پێشانگای خانمی خانمان
سەرەکی / چیرۆکی ڕاستی ژیان / ئاكۆ ته‌قه‌ له‌زاوا ده‌كات و بوكێش گیان له‌ده‌ستده‌دات

ئاكۆ ته‌قه‌ له‌زاوا ده‌كات و بوكێش گیان له‌ده‌ستده‌دات

رق و توڕه‌ی‌ ناخی‌ به‌هۆی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ داواكه‌ی‌ له‌لایه‌ن باوكییه‌وه‌ زیاتر ئاكۆ توڕه‌ ده‌كات و هیچ له‌ ئامۆژگارییه‌كانی‌ باوكی‌ وه‌رناگرێت و دواتر به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ كه‌سێك ده‌كوژێت و خه‌ونی‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی‌ كوڕ و كچێك له‌كاتی‌ گێڕانی‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌ریاندا تێكده‌دات، ورده‌كاری‌ روداوه‌كه‌ش له‌ دادگا ئاشكراده‌كرێت.

كامه‌ران دانیشتووی یه‌كێك له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ و پیشه‌ی پاسه‌وانه‌ له‌ یه‌كێك له‌پێشانگاكانی‌ ئۆتۆمبێل، به‌رۆژیش هه‌ر له‌پێشه‌نگاكه‌دا كاری‌ چایچێتی‌ و پاككردنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێل ده‌كات، خاوه‌نی‌ پێشه‌نگاكه‌ ناوی‌ حاجی‌ عومه‌ر-ه‌ و كارده‌كات، كامه‌ران گه‌نجێكی‌ ده‌سپاكه‌ و كه‌سایه‌تیه‌كی‌ له‌سه‌رخۆ و باشی‌ هه‌یه‌ و له‌كاریشدا لێهاتوو و ئازایه‌، به‌هۆی‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌شه‌وه‌ متمانه‌ لای‌ خاوه‌ن كاره‌كه‌ی‌ زیاتر دروست ده‌كات، ته‌نانه‌ت زۆركات حاجی‌ عومه‌ر بۆ ئیش و كاری‌ ماڵه‌وه‌ش كامه‌ران ده‌نێرت و هه‌رگیز كوڕه‌كانی‌ دیكه‌ كه‌ له‌پێشه‌نگاكه‌دا كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌و كارانه‌ راناسپێرێت.

هه‌ركاتێك خێزانه‌كه‌ی‌ پێویستی‌ به‌هه‌رچییه‌ك بێت و  حاجی‌ عومه‌ر خۆی‌ ده‌رفه‌تی‌ نه‌بێت، راسته‌وخۆ داوا له‌كامه‌ران ده‌كات ئه‌و كاره‌ی‌ بۆ جێبه‌جێ بكات، به‌هۆی‌ هاتووچۆی‌ بۆماڵی‌ حاجی‌ عومه‌ر له‌وێ‌ كامه‌ران كچێكی‌ جوان ده‌بینێت كه‌ خه‌ڵكی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌ و ناوی‌(ناسك)ه‌ و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ نه‌ماوه‌ حاجی‌ عومه‌ر لای‌ خۆی‌ داڵده‌یداوه‌ و بۆته‌ ئه‌ندامێكی‌ خێزانه‌كه‌یان، چه‌ندجارێك كه‌ كامه‌ران ده‌چێت بۆ ماڵی‌ خاوه‌ن كاره‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن ناسكه‌وه‌ پێشوازی‌ لێده‌كرێت و ئه‌و كه‌لوپه‌له‌كانی‌ لێوه‌رده‌گرێت.

ناسك كچێكی‌ جوان و باڵاپۆشه‌ و ته‌مه‌نی‌ 21 ساڵه‌، هه‌مووجارێك به‌ڕوویه‌كی‌ خۆشه‌وه‌ پێشوازی‌ له‌كامه‌ران ده‌كات و ده‌ستخۆشی‌ لێده‌كات، به‌هۆی‌ جوانی‌ و ره‌وشتییه‌وه‌ كامه‌ران دڵی‌ ده‌چێته‌سه‌ر ناسك و له‌گه‌ڵ هه‌ر بینینێكیدا زیاتر هۆگری‌ ده‌بێت تاوه‌كو ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ هه‌ستی‌ خۆشه‌ویستی‌ به‌رامبه‌ری‌ له‌لا دروست ده‌بێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا ناسك-یش دڵی‌ ده‌چێته‌سه‌ر كامه‌ران، تاوه‌كو رۆژێك هه‌سته‌كه‌یان به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌رده‌بڕن و په‌یوه‌ندیان دروست ده‌بێت، له‌سه‌ره‌تادا ناوێرن ئه‌و هه‌ست و په‌یوه‌ندییه‌یان بۆ حاجی‌ عومه‌ر و خێزانه‌كه‌ی‌ باس بكه‌ن و له‌كاردانه‌وه‌ی‌ توند و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌یه‌كتر ده‌ترسن.

بێ ئاگا له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی‌ نێوان ناسك و كامه‌ران، كوڕێكی‌ حاجی‌ عومه‌ر كه‌ناوی‌ ئاكۆیه‌، زۆر دڵی‌ به‌ ناسكه‌وه‌یه‌ و چه‌ندجارێكیش داوای‌ له‌باوكی‌ كردوه‌ كه‌ بۆی‌ بهێنێت، به‌ڵام باوكی‌ رتیده‌كاته‌وه‌ و پێیده‌ڵێت له‌ بیری‌ خۆتی‌ ببه‌ره‌وه‌، چونكه‌ پێیوایه‌ ناسك له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی‌ خۆیدا گه‌وره‌ی‌ كردوه‌ و وه‌ك خوشك و برای‌ یه‌كتریان لێهاتووه‌، لای‌ خۆیه‌وه‌ ئاكۆ ناتوانێت بڕوا به‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی‌ باوكی‌ بهێنێت و بڕیارده‌دات كه‌ نه‌هێڵێت ناسك بۆكه‌س ببێت، ده‌ڵێت هه‌ركه‌سێك لێیه‌وه‌ نزیك بێته‌وه‌ ده‌یكوژم.

كاتێك ناسك و كامه‌ران، باسی‌ په‌یوه‌ندی‌ و نێتیان بۆ حاجی‌ عومه‌ر ده‌كه‌ن، حاجی‌ زۆری‌ پێخۆش ده‌بێت و به‌شیاوی‌ ده‌زانێت ببنه‌ هاوسه‌ری‌ یه‌كتر و بڕیارده‌دات هاوكاریان بكات، ته‌نانه‌ت خانوویه‌ك له‌سه‌ر حسابی‌ خۆی‌ بۆیان بكڕێت، ئاكۆش به‌دڵێكی‌ پڕ له‌ڕق و توڕه‌ییه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی‌ و هه‌نگاوه‌كانی‌ ئه‌نجامدانی‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان ده‌ڕوانێت و بیر له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی‌ هه‌ركه‌سێك بیهێنێت ده‌یكوژێت، رووبه‌ڕووش هیچ شتێك ناڵێت، ئه‌مه‌ش لای‌ ناسك و كامه‌ران والێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ ئاكۆ هێوربۆته‌وه‌، دوای‌ كڕینی‌ خانووه‌كه‌ بۆیان له‌لای‌ حاجی‌ عومه‌ره‌وه‌ و خۆئاماده‌كردنیان بۆ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیری نێوان كامه‌ران و ناسك، له‌ولاشه‌وه‌ ئاكۆ خۆی‌ ئاماده‌ ده‌كات تاوه‌كو خۆشییه‌كه‌یان لێ بكات به‌شین.

له‌وكاته‌ی‌ بوك و زاوا دێنه‌ناو هۆڵه‌كه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سوكاری‌ حاجی‌ عومه‌ر و كامه‌ران ئاماده‌ن، ئاكۆ ده‌مانچه‌یه‌ك ده‌رده‌هێنێت  ته‌قه‌ له‌زاوا ده‌كات و فیشه‌كێك به‌شانیه‌وه‌ ده‌نێت، به‌ڵام ناسك یه‌كسه‌ر خۆی‌ ده‌خاته‌به‌ر كامه‌ران و دوو فیشه‌كی‌ به‌رده‌كه‌وێت و راسته‌وخۆ گیان له‌ده‌ست ده‌دات و دواتر كامه‌رانیش به‌برینداری‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ ده‌گوازنه‌وه‌، دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ له‌مردن رزگاری‌ ده‌بێت، ئاكۆش دوای‌ شه‌ش مانگ له‌خۆشاردنه‌وه‌ و هه‌ڵهاتنی‌ ده‌ستگیرده‌كرێت و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 406 له‌یاسای‌ سزادانی‌ عیراق سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت

snnc

سەرنجی خۆت بنووسە
Xezanakam

FREE
VIEW