پێشانگای خانمی خانمان
سەرەکی / چیرۆکی ڕاستی ژیان / بەهۆی فێڵ و تەڵەكەبازیانەوە بەیان و نیان پێنج ساڵ زیندانیكران

بەهۆی فێڵ و تەڵەكەبازیانەوە بەیان و نیان پێنج ساڵ زیندانیكران

بەیان و نیان خوشكن و بەیان تەمەنی 35 ساڵەو نیانیش تەمەنی 30 ساڵە، ئەوان دانیشتوی یەكێك لەشارەكانی هەرێمی كوردستانن.
ئەو دوو خوشكە هیچ بڕوانامەو كارێكی دیاری كراویان نییە، تەنها ئەوەنەبێت لەڕێگەی جوانیی و كەشخەییانەوە فێربون پیاوان دەخڵەتێنن و سەرەتا وایان لێدەكەن كە پیاوان عاشقیان بن و دواتریش بەئارەزوی خۆیان پارەیان لێدەكێشنەوە، زۆربەی ئەوكەسانەشی كەوتونەتە داوی ئەو دوو خوشكەوە كەسانی خاوەن سەرمایەو بەوتەی ئەوكەسانەش ئەو دوو خوشكە دوای ئەوەی پارەیەكی زۆریان لێكێشاونەتەوە پاش ماوەیەك دیارنەماون.
ئەو دوو خوشكە سەرباری ئەو كارانەی كردویانە، هەوڵیانداوە گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن، چونكە بەهۆی ئەوكارانەی كردویانە ترسیان هەبوە ئاشكرابن، بۆ ئەوەش سەرەتا بیریان لەوەكردۆتەوە ئەمجارە پارەیەكی زۆریان دەستبكەوێت، لەو ڕوەشەوە بیریان كردۆتەوە كە پەیوەندییان بەكەسێكی خاوەن سەرمایەوە گرێبدەن بۆ ئەوەی لانی كەم بتوانن پارەی گەشتەكەیانی لێبسەنن.
لەو ڕوەشەوە بەیان و نیان بیریان لەوەكردۆتەوە ئەمجارە لەگەڵ زەڕەنگەرێك پەیوەندی ببەستن و هەوڵبدەن ئاڵتونێكی زۆری لێبكێشنەوە، سەرەتا دوای پرسیارێكی زۆر كە ئاخۆ كام لەزەڕەنگەرەكان حەزی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتان هەیە، دواجار كەسێكیان دۆزیەوە بەناوی (شاڵاو) كە دوكانێكی زەڕەنگەری گەورەی هەبوەو خاوەنی سەرمایەكی زۆریش بوە.
سەرەتا ئەو دوو خوشكە دەچنە دوكانەكەو قسەی لەگەڵ دەكەن و پارچە ئاڵتونێكی بچوكی لێدەكڕن وەك سەرەتایەك بۆ دروستبونی پەیوەندییەكەیان، دواتر خۆیانی پێدەناسێن و ژمارە تەلەفون دەگۆڕنەوەو داوای پارچە ئاڵتونێكی گەورەی لێدەكەن كە شاڵاو بۆیان دروستبكات كە نرخەكەی 50 هەزار دۆلار بوە، دوای ئەوەی شاڵاو لەماوەی دوو هەفتەدا بۆیان دروستدەكات، لەو ماوەیەدا ئەو دوو خوشكە بەنامەو تەلەفۆن بەردەوام قسە لەگەڵ شاڵاو دەكەن هەریەكەو بەجیا.
دوای ئەوە شاڵاو وا تێدەگات كە هەردوكیانی ڕازیكردوە، گوایە هیچ كامیان بەوی دیكە نازانێت، قسەكردنیان دەگاتە ڕادەیەك كە هەندێكجار قسەی نەشیاو لەگەڵ یەكتر دەكەن و خۆیشیان بەكەسێكی دەوڵەمەند لای شاڵاو لەقەڵەمدەدەن، دوو هەفتەكە تەواو دەبێت و شاڵاو پەیوەندیان پێوەدەكات تا بچن ئاڵتونەكە ببەن، بەڵام ئەو دوو خوشكە پێشئەوەی بچنە لای شاڵاو دەچنە لای پزیشكێكی دەرونی و پێی دەڵێن برایەكمان هەیە ناوی شاڵاوە، ئەم برایەمان توشی نەخۆشی دەرونی بوەو وا خۆی نیشاندەدات كە زەڕەنگەرەو لای هەموو خەڵك باسی ئاڵتون و كاری زەڕەنگەری دەكات.
ئەو دوو خوشكە بەپزیشكەكە ڕادەگەیەنن، ((ئێمە وەك بنەماڵە ئەمكارەمان پێناخۆشە، چونكە پێمان ناخۆشە خەڵك بەبراكەمان ڕابوێرێت و گاڵتەی پێبكەن، لەوەڵامدا دكتۆرەكە دەڵێت كێشە نییە شاڵاو بهێنن، دواتر دوو خوشكەكە دەچنە لای شاڵاوو بەنازو مەكرەوە پارچە ئاڵتونەكەی لێوەردەگرن و پێی دەڵێن ئێستا پارەمان پێ نییە، چونكە نەمانتوانیوە ئەو بڕە زۆرە لەگەڵ خۆمان بهێنین، بۆیە دەچینە لای دكتۆری برامان، واتە دكتۆرەكە بەبرای خۆیان لەقەڵەمدەدەن و دەڵێن پارەكە لای ئەوە، وەرە لەگەڵمان و لەنۆرینگەكەی وەریبگرەو بڕۆ)).
شاڵاویش ڕازیدەبێت و دەڕوات لەگەڵیان، دوو خوشكەكە دەچنە لای پزیشكەكەو پێی دەڵێن ئەوە شاڵاوی برامانە، لەوكاتەدا كە شاڵاو دەچێتە ژورەوە بەحساب بۆئەوەی پارەكە وەربگرێت، دوو خوشكەكە دێنە دەرەوەو هەڵدێن و ئاڵتونەكەش دەبەن، دوای ئەوەی شاڵاو دەچێتە لای پزیشكەكە سەرەتا سڵاودەكات و پزیشكەكەش شاڵاو دادەنێت و بەخێرهاتنی دەكات و پێی دەڵێت تۆ ئیشت چییە؟
شاڵاویش پێدەكەنێت و دەڵێت من زەڕەنگەرم!.. شاڵاو بەپزیشكەكە دەڵێت ئەی نیان خان و بەیان خان پێیان نەوتویت، ئەویش لەدڵی خۆیدا وتویەتی تەواوە ئەمە براكەیانە.
دواتر پزیشكەكە دەڵێت نا تۆ زەڕەنگەر نیت، تۆ كوڕێكی باشیت، پزیشكەكە دەیەوێت هەوڵ لەگەڵ شاڵاو بدات و حاڵەتەكەی بۆ ڕونبكاتەوە، شاڵاویش دەڵێت، تۆ باسی چیدەكەیت پارەكەم بدەرێ بابڕۆم.
پزیشكەكەش لەوەڵامدا دەڵێت پارەی چی؟، شاڵاویش دەڵێت دوو خوشكەكەی تۆ بەبڕی دەفتەر دۆلار ئاڵتونیان لای من بردوەو بەمنیان وتوە وەرە پارەكە لای دكتۆری برامان وەربگرە، ئەمەش پسوڵەكەیەتی.
دواتر هەریەك لەشاڵاوو پزیشكەكەش تێدەگەن كە ئەو دوو خوشكە فێڵیان لەهەردوكیان كردوە، كاتێكیش دەچنە دەرەوە سەیردەكەن هەردوو خوشكەكە ڕایانكردوە، لەدواتردا هەواڵ بەپۆلیس دەدەن و شاڵاوو پزیشكەكەش بۆیان دەردەكەوێت كە ئەو دوو خوشكە سكاڵای دیكەیان لەسەرەو چەندین فێڵی دیكەیان لەخەڵك كردوە.
دوای دوو مانگیش لەو ڕوداوە، هەریەك لەو دوو خوشكە لەكاتی گەشتكردنیان و لەیەكێك لەفڕۆكەخانەكان دەستگیركران، دواتر بەگوێرەی مادەی 456 لەیاسای سزادانی عیراقی سزادران بەزیندانیكردن بۆماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ پابەندكردنیان بەگێڕانەوەی بڕی پێنج دەفتەر دۆلار بۆ شاڵاوی زەڕەنگەر.
ئەم ڕوداوە ڕاستەقینەیەو لەیەكێك لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ڕویداوە، سەرجەم ئەو ناوانەشی هاتون خوازراون و ناوی ڕاستەقینەی ئەوكەسانە لای SNN پارێزراوە.
snnc
سەرنجی خۆت بنووسە